Last updated on 19 / 10 / 2024
مێژووی خاك
ناوەندی چاپەمەنی راگەیاندنی خاك، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1997 وەك دامەزراوەیەكی سەربەخۆ مۆدێلێكی نوێی كاركردنی راگەیاند، كە تا ئەندازەیەكی زۆر جۆرێك لە رچەشكێنی بواری راگەیاندنی دروستكرد.
خاك یەكەم كەناڵی تەلەفزیۆنی بوو ئازادی بیروڕای پەخشكردو دوور لە پرۆگرام و ئەجێندای حزبایەتی كاریكردو وەك سەكۆیەكی ئازادی رەخنەگرانە، راشكاوانە دیاردە دزێو و ناشرینەكانی وەك لەمپەرێكی نەخوازراو روماڵدەكرد. هاوكات داواو خواستەكانی شەقامی راستگۆیانە، بەچەشنێك كە خاك لەماوەیەكی كەمدا توانی ئازادی رادەربڕین بكاتە ناسنامەی كاركردنی.
خاك چەتری هەموو رەنگەكان بوو. هیچ مەرجێكی سیاسی و حزبی بەئێستاشەوە بۆ كارمەندەكانی نەبووە. بەردوام لەگەڵ ویست و خواستی جەماوەردا تەبا بووەو هێڵی فكری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری گرنگترین پایەی راوەستاوی ئەم كەناڵە بووە.
خاك ئەو مینبەرە حەقبێژو راستگۆیە بوو بۆ گەیاندنی دەنگ و رەنگە جیاوازەكان، كە هەوڵی جددی دەدا بە ئەقڵی نوێ و خوێنی نوێ و بیری نوێ كاربكات.
خاك توانی لەبواری بەرنامەكان و چاپەمەنییەكاندا چەندین هەنگاوی بوێرانە بنێت و گۆڤاری تەنزئامێزی سیخورمە مەحەكی ئەو راستییەیە، هاوكات گۆڤاری خاك وەك گۆڤارێكی تەلەفزیۆنی خێزانی بۆ یەكەمجار بڵاوكرایەوە.
پرۆژەی پاراستنی دەست نووسەكان كە ئەوكات كوردستان لە قەیرانێكی گەورەی چاپەمەنیدا بوو، توانی زیاتر لە 70 كتێب و نامیلكە بە تیراژی كەم بۆ نووسەران و ئەدیبان چاپ بكات. وێڕای چاپكردنی چەندین كتێبی دانسقە بە تیراژی زۆر.
هاوكات گرنگی تەواوی دا، بەدرامای تەلەفزیۆنی و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین درامای تایبەت بە كێشەو گرفتە كۆمەڵایەتیەكان پێشكەش كرد.
ئەوەی لەنزیكەوە ئاگاداری كارەكانی خاك بووبێت، درك بەو راستییە دەكات كە هەموو ئەو هەوڵانە لەو سەردەمەدا بە ئیمكانیەتێكی ماددی كەمەوە، بەڵام بە عەشقێكی گەورەی كاركردنەوە جێبەجێدەكرا.
خاك لەئێستادا بەهەمان شێوازی كاركردن، بەڵام بە ستایڵێكی نوێ و سەردەمانە بەسوود وەرگرتن لە سۆشیال میدیا، لەسەر ئاستی جیهان تەواوی پڕۆگرام وبەرنامەكانی بڵاودەبێتەوە.
خاك لەڕووی تەكنیك و شێوازی كاركردن وێڕای كاركردن بە سیتەمی HD چەند گۆڕانكارییەكی گەورەی كردوە ئێستاش ناوەندەی چاپەمەنی و راگەیاندنی خاك، جگە لە تەلەفزێون، لە بەشەكانی سایتی خاك و رادیۆ و گۆڤاری سیخورمە پێكهاتووە.